نهێنییه‌كانی ئیعجازی زانستی له‌ قورئان و سوننه‌تدا

پێگه‌ى عبدالدائم الكحيل

  • تكبير حجم الخط
  • حجم الخط الإفتراضي
  • تصغير حجم الخط

تۆڕی گەردوونيي، دیدێكی قورئانیی زانستییانه‌

إرسال إلى صديق طباعة PDF

 

ئەم توێژینه‌وه‌یه‌، تێڕوانینێكی زانستیی نوێ‌ له‌باره‌ی واتای ئایەتی پیرۆزی: (وَالسَّما‌ء ذاتِ الْحُبُك)ه‌وه‌....

ئەم توێژینه‌وه‌یه‌، تێڕوانینێكی زانستیی نوێ‌ له‌باره‌ی واتای ئایەتی پیرۆزی: (وَالسَّما‌ء ذاتِ الْحُبُك)ه‌وه‌(1)دەخاتەڕوو، كە بەم دواییە زانایان لە ڕێی بەكارهێنانی كۆمپیوتەرە زەبەلاحەكانەوە (سووپەر كۆمپیوتەر Super Computer) بەدەستیان هێناوە.

لە سۆنگەی ئەم توێژینەوەیەی، كە زانایان ئەنجامیانداوە دەبینین هەردەم "ڕاستییە زانستییەكان" لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا هاوشانن، كە ئەمەش شایەتییه‌كی ڕوون و ئاشكرایە لەباره‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ی، قورئان لە لایەن بەدیهێنەری گەردوونەوە هاتووە، جگە لە ڕووەكانی تری ئیعجاز كە پێشتر لە قورئاندا ئاشكرا بوون، لە ڕووی گەردوونی و زانستیشەوە كتێبێكی پڕ لە ئیعجازی گەردوونیی نوێیە. ئەمەش وەڵامدانەوەی زانستییانەیە بۆ ئەو كەسانەی، كە بێ‌ بەكارهێنانی پێوەر و تەرازووەكانی زانست‌وژیری وبێ‌ خۆ دەربازكردن لەو بڕیارە پێشوەختانه‌ی زۆربەیان ئەنجامی چاولێكەریی و خۆماندوو نەكردنە له‌ بەدەستهێنانی زانیارییەكاندا، هه‌روه‌ها نایانەوێت‌ مل بۆ ڕاستییەكان نەویبكەن.

هەنگاوەكانی توێژینه‌وه‌كه‌ش ، یەكەم جار بریتییە لە سەردانی زانایانی تەفسیری قورئان و زانایانی زمان بۆ لێكدانەوەی وشەی (الحُبُك) و زانینی واتاكەی. ئه‌نجا دەڕۆینە لای زانایانی گەردوونناسی هاوچەرخ، تاكو بزانین نوێترین دۆزینەوەی زانستیی ‌ لەمبارەیەوە چی دەڵێت‌. دوای ئەم هەنگاوانە ڕووی ئیعجازی زانستییمان لەم ئایەتە پیرۆزەدا بۆ ڕووندەبێتەوە و هەموو مرۆڤێكی ڕێزگر لە لۆژیك  و ژیری و دوور لە ڕەوشی نكوولی و ملنەدان، یەقین و دڵنیایی پتر دادەمەزرێت، بەوەی كە خاوەنی قورئان هەر ئەو كەسەیە، كە گەردوونی بەدیهێناوە.

لە خزمەت تەفسیری قورئاندا:

با لە پێشدا بزانین هاوەڵانی پێغەمبەر )صلى الله عليه وسلم) و شوێنكەوتووانیان چۆن لەم ئایەتە گەیشتوون و تەفسیرنووسانی پێشین چۆن لێكیانداوەتەوە؟

"ئیمامی قورتوبی" لە تەفسیرەكەیدا بۆ وشەی (الحُبُك) دەڵێت‌: ئیبن عەباس و قەتادە و موجاهید بە واتای: (بەدیهێنانی ڕێك و جوان) لێكیان داوەتەوە. "عیكریمە"ش وتوویەتی: (نابینیت، ئەگەر جۆڵا بە باشی پۆشاك بچنێت لەبارەیەوە دەوترێت:(حبك الثوبَ يحبكه حبكاً) واتە: باشی چنیوە؟)(2).

 "ئیبن كەسیر"یش لە چەند زانایاكی پێشینەوە دەگێڕێتەوە، كە لە تەفسیری ئایەتەكەدا وتوویانە: (كاتێك‌ "با" بەسەر لم و دەغڵودان و ئاودا هەڵدەكات شەپۆل و هەوراز و نشێوی تێدا دروست دەبێت و ڕیڕێ تانوپۆی تێدا پەیدادەبێت، "الحُبُك" بریتییە لەوە). پاشان دەڵێت‌: حەسەنی بەسری لەبارەی "ذات الحُبُك"ەوە وتوویەتی: (واتە: بە ئەستێرەكان چنراون)( 3).

"زەمەخشەری"ش لە تەفسیرەكەیدا،جگە لەو واتایانەی پیشوو، ئەم واتایەشی زیاد كردووە، كە: (حُبُكُ الشَّعر: واتە شوێنەواری بەرزی و نزمی وڕیڕێبوونى قژ)(4). (واتە دوای شانە كردن).

  دەتوانین لەم تەفسیرانەوە ئاماژەیەك لەم ئایەتەدا بۆ (چنین،تانوپۆ، توندوتۆڵی، ڕیڕێبوون) بە دەستبهێنین و لە ناوەندی وتەكەی "حەسەنی بەسری"شەوە تێبگەین، كە تاڵەكانی تۆڕی ئەو چنینە، ئەستێرەكانن.

لای زانایانی زمان:

"ئیبن مەنزوور" لە فەرهەنگی "لسان العرب"دا سەبارەت بە واتای ئایەتی [ وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك ] پێی وایە زانایانی زمان دەڵێن: (بەو ئاسمانەی، كە ڕێگا جوان و باشەكانی تێدایە)(5).

فەرهەنگی "القاموس المحیط"یش ئەم واتایەمان دەداتی: (الحبك: بریتییە لە توندوتۆڵكردن وجوانكاریی ئاسەواری سنعەت لە پۆشاكدا)(6).

فەرهەنگی (المعجم الوسیط)یش دەڵێ‌: (كە گوترا: حبك الشئ حبكاً، واتە: ئەو شتەی توندوتۆڵ كردووە، كە گوترا: حبك الثوب، واتە: پۆشاكەكەی باش چنی. كە گوترا: حبك الحبل، واتە: گوریسەكەی قایم ڕستووە. كە گوترا: حبك العقدة، واتە: گرێكەی قایم لێداوە)( 7).

ئەم واتایانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی، كە زانایانی زمان واتای ئەم وشەیە دەبەستنەوە بە (چنینی پۆشاك و توندوتۆڵكردنی) یه‌وه‌، لە "چەند تاڵە دەزوویەك" دەدوێن، كە بە "چەند گرێیەكی تۆكمه‌ و قایم ڕێسرابن و پەیوەستكرابن".

ئا لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات، ئایا لە دۆزینەوە زانستییەكانی زانایاندا شتێكی ئەوتۆ هەیە، كە ئاماژە بۆ تۆڕێكی چنراوی ڕاستەقینە لە ئاسماندا بكات ؟

دەبا ئێستا سەرنج لە نوێترین دۆزینەوەی زانستیی لەمەڕ پێكهاتە و شێوەی گەردوون بدەین، ئنجا بیربكەینەوە لە یەكاویەكبوونی ئەوەی، كە چواردە سەدە پێش ئێستا قورئانی پیرۆز فەرموویەتی و ئەوەش، كە زانایانی ئەمڕۆ بە بینینی یەقینانه‌، دەیبینن.

قۆناغەكانی پەرەسەندنی زانیاریی مرۆڤ لەمەڕ گەردوونناسی:

زانایانی "گەردوونناسی" پەرەسەندنی زانیارییەكانی مرۆڤ سەبارەت بە "گەردوون" بۆ سێ‌ چەرخ و سەردەم دابەشدەكەن:

یەكەم: لە سەردەمی "ئەرستۆ" وە (8) دەستپێدەكات، كە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بیرۆكەی وەستانی زەوی و سووڕانی هەسارە و ئەستێرەكان بە دەوریدا، بەردەوام بوو.

دووهەم: لە "كۆپەرنیكۆس"ەوە( 9) دەســتپێدەكات، كە سەلماندی زەوی وەستاو نییە، بەڵكو بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە.

سێهەم: ماوەی سەد ساڵێكە لە گەڵ ئەنیشتایندا(10) سەریهەڵدا، كە چەمكێكی نوێی بە (كات و شوێن و وزە و مادە و كێش) بەخشی(11).

 لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا زانایان دڵنیا بوون لەوەی، كە زۆربەی ئەو ئەستێرانەی لە شەوێكی ساماڵدا دەیانبینین سەر بە گەلەستێرەكەی خۆمانن (گەلەستێرەی ڕێی كاكێشان) و ناویان نا: دوورگەی گەردوونی یاخود گەلەسەتێرە (المجرة Galaxy). گریمانی ئەوەشیان دانا كە جگە لەو، گەلەستێرەی تریش هەبن.

دوای ئەوە، گەردونناسان تێبینیی شتێكی وەك پەڵە هەور و تەمومژیان لە دەرەوەی گەلەستێرەكەمان كرد و ناوی (سەدیم Nebulae)یان لەو پەڵە هەورانە نا. لە ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا زانای ئەمرێكی (هابڵ Hubble) ڕوونیكردەوە، كە ئەم سەدیمانە چەند گەلەستێرەیەكی ترن، وەكو گەلەستێرەكەی خۆمان وان. پاشان ئەم زانایە بۆی دەركەوت، كە ئەو گەلەستێرانە بە چەندین خێرایی لە رادەبەدەر لە ئێمە دوور دەكەونەوە.

پاشان زانیاریی مرۆڤ سەبارەت بە گەردوون پەرەی سەند و، چەند دە ساڵێك پێش ئێستا زانایان دەستیان دایە لێكۆڵینەوە لە دروستبوون و پێكهاتنی گەردوون. ئنجا لە هەشتاكانی سەدەی پێشوودا لە ئاستێكی جیهانیدا بایەخدان بە لێكۆڵینەوە لە پەیدابوونی گەردوون و چۆنێتیی پێكهاتنی ئەستێرە و گەلەستێرەكان دەستی پێكرد(12).

زانایان بۆیان دەركەوت، كە گەلەستێرەكان بە ئەندازەیەكی یەكجار زۆر و گەورە لە گەردووندا بڵاون و ژمارەیانيان بە سەدان بلیۆن گەلەستێرە خەمڵاند, ژمارەی ئەستێرەكانی هەر گەلەستێرەیەكیشیان بە سەدان بلیۆنی تر ئەستێرە مەزەندە كرد( 13). ئیتر كەوتنە پرسیاركردن لەباری ئەوەی كە: ئایا شێوەی گەردوون چۆنە، ئه‌گەر لە دەرەوەی گەردوونەوە بۆی بڕوانین؟ ئایا گەلەستێرەكان و گاز و تەپوتۆزی گەردوونی چۆن چۆنی لە بۆشایی نێوان ئەستێرەكاندا دابەشبوون؟ ئایا هیچ سیستەمێك هەیە ئەم دابەشبوونە به‌ڕێوه‌به‌رێت ؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە دیزاین و دروستكردنی كۆمپیوتەرێكی زەبەلاح هه‌بوو، كە بتوانێت بە كرداری (هاوشێوەكاری) وێنەی بچووككراوەی گەردوونی ڕاستەقینە بكێشێت. ئیتر زانایان سەرجەم زانیارییە پێویستەكانیان دا بەم كۆمپیوتەرە مەزنە، تاكو كارەكەی ئەنجام بدات. ئامانجیشیان لەم پڕۆسەیە بەدەستهێنانی هەرچی زانیاریی وردترە لەبارەی
دابەشبوونی گەلەستێرەكان لە گەردووندا.

ئایا (سووپەر كۆمپیوتەر Super Computer) چییە؟

لە پێشدا پێوستە هەندێك‌ زانیاریمان لەباره‌ی ئه‌م ئامێرە نوێیە و هەندێك‌ لە تایبەتمەندییەكانی هه‌بێت، تاكو لە قورسی و گرنگی و مەزنیی دۆزینەوەكە تێبگەین:

ساڵی 2000زدا كۆمپانیای (IBM) كومپیوتەری زەبەلاح (Super Computer)ی بە جۆرێكی پێشكەوتوو بەرهەمهێنا، بەمەبەستی بەكارهێنانی لە پڕۆسەكانی هاوشێوەكردن (المحاكاة Simulation)دا. خێرایی ئامێرەكە لە تەنها یەك چركەدا ئەنجامدانی زیاتر لە دوازدە تریلیۆن كرداری بیركارییانەیە و قورساییەكەی زیاتر لە سەد هەزار كیلۆ گرامە و 1.2 میگاوات وزەی كارەبای پێویستە ، قەوارەكەشی جێی دوو یاریگای تێنس دەگرێت و ڕامەكەشی یەك ملیۆن ملیۆن بایتە!

 

بەڕێوەبەری كۆمپانیای (IBM)ی بەرهەمهێنی ئامێرەكە دەڵێت: ئەو كردارانەی، كە ئەم ئامێرە لە تەنها یەك چركەدا ڕایدەپەڕێنێت‌، مرۆڤ ئه‌گەر بە ئامێری كۆمپیوتەری ئاسایی ئەنجامیان بدات پێویستی بە دە ملیۆن ساڵ دەبێت( 14)!

ئه‌نجا – خوێنەری بەڕێزم! – سەرنج لە گەورەیی و خێرایی نائاسایی ئەم ئامێرە و ئەو تەكنیكە باڵایە بدە، كە تیایدا ڕەچاو كراوە. خۆ ئەگەر ئامێرێكی لەم جۆرە نەبێت هەرگیز لە توانادا نابێت وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون بە دەست بهێنرێت.

گەورەترین كرداری كۆمپیوتەری:

ماوەیەكی نزیك پێش ئێستا چەند زانایایەكی خەڵكی بەریتانیا (لەوانە: زانایانی زانكۆی دورهام و نۆتینگهام) و ئەڵمانیا و كەنەدا و ئەمریكا مەزنترین كرداری كۆمپیوتەرییان بۆ
بەدەستهێنانی وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون ئەنجامدا. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە دە هەزار ملیۆن زانیارییان سەبارەت بە زیاتر لە بیست ملیۆن گەلەستێرە دا بە كۆمپیوتەری ناوبراو. هەرچەندە ئەم ئامێرە خێراییەكی لە ڕادەبەدەری هەیە، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی بیستوهەشت ڕۆژی ته‌واو كاری لەسەر ئەو زانیارییانە كرد، هەتا توانیی وێنەیەكی بچووككراوەی گەردوون بكێشێت..

ئەو زانیارییانەی بەو كۆمپیوتەرە دران لەوانە بوون، كە تا ئێستا سەبارەت بە فرانبوونی گەردوون و ڕەوشی ئەستێرەكان و تەپوتۆزی گەردوونی بەدەستهاتوون، بە نیازی
بەدەستهێنانی وێنەیەكی هاوشێوەی گەردوون لە فراوانبوونەكەیدا و دەستنیشانكردنی ئەو ڕێگایانەی، كە ئەستێرەكان و گەلەستێرەكان دەیگرنەبەر.

پڕۆفیسۆر (Carlos Frenk)( 15) لە زانكۆی دورهامی بریتانیا و بەڕێوەبەری ئەم بەرنامەیە دەڵێت‌( 16):

"It is the biggest thing we have ever done," It is probably the biggest thing ever in computational physics. For the first time we have a replica Universe which looks just like the real one. So we can now for the first time begin to experiment with the Universe".

واتە: "ئەمە گەورەترین شتە، كە تا ئێستا بە ئەنجاممان گەیاندووە، لەوانەشە لە فیزیای كۆمپیوتەریدا بە گەورەترین دەستكەوت دابنرێت. ئێمە ئێستا بۆ یەكەم جار نوسخەیەكی گەردوونمان وەك خۆی لە بەردەستدایە، كە بە وێنەی گەردوونی ڕاستەقینە لە پێش چاودا دەردەكەوێت‌. هەر لەبەر ئەوەشە بۆ یەكەم جار دەتوانین دەست بە تاقیكردنەوەكانمان لەسەر گەردوون  بكەین" .

ئەمەش ڕوونكردنەوەیەكی ڕاشكاوانەیە لە لایەن زاناو دۆزەرەوەیەكی گەورەوە، كە ئێستا بۆ یەكەم جارە لە مێژوودا زانایان دەتوانن چەند ڕاستییەكی یەقینی سەبارەت بە شكڵ و شێوەی گەردوون و دابەشبوونی گەلەستێرەكانی بخه‌نه‌ڕوو.

ئەو وێنەیەی كە سووپەر كۆمپیوتەر بۆ گەردوونی كێشابوو، تا ڕادەیەكی زۆر لە تۆڕی جاڵجاڵۆكە دەچێت. بۆیە زانایان زاراوەی (تۆڕی گەردوون)یان بۆ دانا‍، چونكە دەركەوت كە هەموو یەكێك لە تاڵە دەزووەكانی ئەم تۆڕە لە هەزاران گەلەستێرە پێكهاتووە و ئەم گەلەستێرانەش بە شێوەیەكی یەكجار توندوتۆڵ ڕیزكراون. واتە تانوپۆیەكی تەواو تۆكمه‌ و قایمە، لەبەر ئەوە، زانای ناوبراو لە بارەیەوە دەڵێت‌( 17):

" these collections of thousands of very bright galaxies very tightly packed together."

واتە: "ئەم كۆمەڵانەی كە لە هەزاران گەلەستێرەی یەكجار گەش و بریسكاوە پێكهاتوون، زۆر بە توندوتۆڵی و ڕێكی ڕیز كراون".

ئەم ناوە لە كوێوە هات؟

زاراوەی: (تۆڕی گەردوون) زاراوەیەكی زۆر نوێیە. زانایان بە نیازی گوزارشت لە پێكهاتەی گەردوون بەكاریان هێناوە، چونكە بینییان گەلەستێرەكان لەسەر چەند تاڵە دەزوویەكی باریك ڕیزكراون. جا ئەگەر بە پێوەرە گەردوونییەكان سەرنج لە هەر یه‌كێك ئەو تاڵە دەزووە گەردونییانە بدەین، دەبینین یەكجار باریكە. خۆ ئەگەر بزانین تەنها یەك ئەستێرە بۆ ماوەی چەند چركەیەكی ڕووناكی لە بۆشاییدا بڵاو دەبێتەوە، ئەوا تاڵە دەزووە گەردوونییەكە بۆ چەندین بلیۆن ساڵی ڕووناكی درێژ دەبێتەوە( 18). بۆ نموونە گەر بمانەوێ‌ت یەكێك لەو تاڵە دەزووە گەردوونییانە بچووكبكەینەوە هەتا تیرەكەی دەگاتە یەك ملیمەتر، ئەوا درێژییەكەی سەدان هەزار مەتر دەردەچێت! ئیتر بۆ خۆت سەرنج لە باریكیی ئەم تاڵە دەزووە گەردوونییە بدە، كە چەندە باریك و چەندەش درێژە! لەگەڵا ئەوەشدا تابڵێیت توندوتۆڵە و بە چەند یاسایەكی گەردوونیی مەزنەوە بەستراوە ( 19).

جا ئایا ئەمە نابێتە بەڵگە لەسەر مەزنیی بەدیهێنەری تاڵەكانی ئەم تۆڕە و وردیی سنعەت و كارەكانی؟ لەوانەیە لەمەوە تێبگەین، كە بۆچی خوای گەورە لە قورئانەكەیدا سوێندی پێ‌ خواردووە.

زانایان ئێستا زاراوەكانی قورئان بەكاردەهێنن:

زانایانی ئەمڕۆ هیچ گومانێكیان لە بوونی ئەم تۆڕە نییە. بەڵكو ئێستا لە چۆنێتیی چنین و تەنینی ئەم تۆڕە و لەم تاڵە دەزووە مەزنە گەردوونییانە دەكۆڵنەوە.

سەیرترین و نامۆترین دیاردە لەم بوارەدا ئەوەیە، كە ئێستا گەردوونناسان هەمان زاراوەی قورئان لە توێژینەوەكانیاندا بەكاردەهێنن! ئەوەتا بەم دواییانە توێژینەوەیەك لە لایەن چەند گەورە توێژەرێكی خۆرئاواوە دەرچووە تیایدا پرسیار و لێكۆڵینەوە لەو چۆنێتییە دەكەن كە بەهۆیەوە تاڵەكان لە تۆڕی تانوپۆی گەردووندا چنراون!! دەبینین وشەی: (Weave)( 20) بەكار دەهێنن، كە لە واتای (الحُبُك)دایە!

ئایا لەبەر چی لە سەدەی بیستو یەكەمدا زانایان هەمان وشە و زاراوەی قورئان بەكاردەهێنن؟ دیارە ئەوان هەرچەندە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە ئەنجامبدەن و چەندەش ڕاستیی زانستی بدۆزنەوە لە ئاكامدا  هه‌رده‌بێت بۆ كتێبی هەموو ڕاستییەكان كە قورئانی پیرۆزە بگەڕێنەوە، چونكە ئەو خوایەی كە گەردوونی بەدیهێناوە هەر ئەویش قورئانی ناردووە و گەردوون و بەدیهاتووانی ناو گەردوونی وەك چۆنە وەها باسكردووە.

وردیی ئەو وشانەی، كە قورئان بەكاریهێناون:

سەیر لەوەدایە ئێستا زانایان لە چەند ڕێگایەك دەدوێن لەناو ئاسماندا! چونكە كاتێك‌ دەڕواننە ئەو وێنانەی بەهۆی سوپەركۆمپیوتەرەوە ئامادە كراون و تێبینی دەكەن وەكو چەند ڕێگایەك وان بەرەو شارێكی گەورە، بۆیە زانایان دەقاودەق دەڵێن( 21):

"Such structures look like highways converging onto a large city, but with the important difference that clusters feeding filaments are organized in threedimensional space".

واتە: "هەندێك‌ لەو بینا و پێكهاتە گەردوونییانە بە وێنەی ئەو ڕێگا خێرایانە دەردەكەون، كە لە شارێكی گەورەدا بە یەكدەگەنەوە. لەگەڵ جیاوازییەكی گرنگدا، كە بریتییە لەوەی ئەو كۆمەڵە گەلەستێرانەی لەسەر تاڵەكان دانراون لە بۆشاییەكی سێ‌ دووريدا (بُعد) ڕێكخراون".

له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەو تاڵانە لەسەر تۆڕێكی سێ‌ دووريي دانراون ئەوا بوونی چەند تۆڕێكی جیاجیا بە هەموو ئاراستەكاندا دەگەیەنێت. قورئانی پیرۆز بە وشەی داڕێژراوی كۆ(جمع) گوزارشتی لەم ڕاستییە كردووە و فەرموویەتی: (الحُبُك)، بە شێوە داڕشتنی تاك نەیفەرمووه‌: (حبیكة). دیارە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر وردیی بەكارهێنانی وشەكان لە قورئانی پیرۆزدا!

زانایانی ئەمڕۆ بەردەوام كار بۆ دۆزینەوەی ئەو هێزی كێشە لە ڕادەبەدەرانە دەكەن، كە تاڵەكانی ئەم تۆڕەیان به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ‌داوە و كۆنترۆڵیان كردووە. هەروەك لە چەند پردێك دەدوێن كە بە هێزێكی كێشی لە رادەبەدەر ئەم تاڵانەی بە یەكەوەبەستووە. ئەمەش جەختە لەسەر ئەوەی، كە زانایانی ئەمڕۆ دەزانن ئەم تۆڕە گەلـێك‌ توندوتۆڵ و قایمە.

كاتێك‌ سەر لە قورئانی پیرۆز دەدەینەوە دەبینین نەیفەرمووە: (ذات النسج) یان (ذات الخیوط) چونكە چنین دەگونجێت‌ قایمبێت و دەشگونجێت‌ پچڕ پچڕ بێت. تاڵەكانیش هەندێك‌ جار تۆكمە و توندوتۆڵ و هەندێك‌ جاری تریش لاوازن. بەڵام وشەی (الحُبُك) چەند سیفەتێكی تێدا كۆبووەتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە،  كە ئەم وشەیە ئاماژە دەكات بۆ:

1 – بوونی چەند تانوپۆ و چنینێك.

2 – چەند تاڵێكی هاوپەیوەندیی توندوتۆڵ.

3 – بوونی سیستەمێك لەم تاڵانەدا. چونكە هەر كاتێك‌ جۆڵا پۆشاكێك دەچنێت‌ ئەوا سیستەمێكی دیاریكراو بۆ چنینی تاڵەكان دەگرێتەبەر. هەر ئەو سیستەمەیە كە چنینەكە توندوتۆڵ و قایم ڕادەگرێت، دەنا پچڕ پچڕ و لاواز دەردەچێت.

4 – بوونی چەند ڕێگایەك لە ئاسماندا.

هەموو ئەم واتایانەش وشەی: (الحُبُك) لە خۆیدا كۆی كردوونەتەوە. ئەمەش یەكێكی ترە لە ئیعجازەكانی قورئان، كە وشەی ورد و پڕ لە واتامان بۆ گوزارشت لەم ڕاستییەكە پێ‌ دەبەخشێت، هه‌روه‌ها بواریش بە كراوەیی دەخاتە سەرپشت بۆ مرۆڤ هەتا بە درێژایی ڕۆژگارەكان سەرگەرمی گەڕان و پشكنین و دۆزینەوە بن و زاراوەكانیان بە پێی پێویست بگۆڕن. بەڵام كاتێك‌ لە كۆتایی و ئاكامی ڕەنج و تەقالایاندا دەگەنە ڕاستییە دڵنیایی بەخشەكان دەبینن بە ڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا ئەو ڕاستییە وتراوە!جا ئایا هیچ زانست و كتێبێك هەیە لەم  قورئانە مەزنتر بێت؟‍‍!

چەند تاڵێكی ماددە تاریكەكەی گەردوون:

بە چەند بەڵگەیەكی جۆراوجۆر سەلماوە، كە ماددەیەكی تاریك هەیە بەسەر گەردووندا زاڵە. ئەم ماددەیە هێشتا نەبینراوە و نازانرێت‌ چییە. بەڵام زانایان دەڵێن: هەموو ئەوانەی كە تا ئێستا دەیانبینین 4%ی قەوارەی گەردوونە، ئەوی تری بە ڕێژەی 22% ماددەیەكی تاریكە و بە ڕێژەی 74%یش وزەیەكی تاریكە. ئەوەی جێی سەرسووڕمانی زانایان بوو بریتی بوو لەوەی كە بۆیان دەركەوت ماددە نەبینراوەكەش بە چنینێكی توندوتۆڵ دابەشبووە و هەر ئەو ماددە تاریكەشە، كە بەهۆی چەند پردێكی گەردونییەوە گەلەستێرەكان پێكەوە پەیوەستدەكات، تەنانەت ئەم پردانەش چەند تاڵێكن لەو تۆڕە( 22).

زانایان جەختدەكەنەوە، كە تاڵەكانی ئەم تۆڕەیان بینیوە:

هەندێك‌ خوێنەری بەڕێز باسی (ئیعجازی زانستی)ی بەلاوە پەسەند نییە، بە بیانووی ئەوەی كە زانستی مرۆڤ چەند گریمانه‌یه‌كه‌ هەردەم لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانیارییەكانی مرۆڤدا ئەویش گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام قورئان حەقیقەتێكی نەگۆڕە.

دەڵێین: ئیعجاز لەسەر گریمانه‌كان‌ بنیاتنانرێت، بەڵكو كاتێك‌ زانست لەو بابەتەدا دەگاتە ئەو ئاستەی كە لە گریمانه‌و تیۆر دەردەچێت و دەبێت بە "ڕاستییەكی زانستی"، ئەو كاتە ئیعجازەكە دەردەكەوێت. جا ئێمە دەپرسین ئایا دەگونجێت‌ زانایان لە داهاتوودا "ڕاستی"یەك بدۆزنەوە كە پێچەوانەی "ڕاستی"یەك بێت ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە؟ ڕاستی هەر ڕاستییە و ناگۆڕێت، گۆڕان لە گریمانه‌و تیۆره‌كاندا دەبێت.

دەتوانین بڵێین: چەند ڕاستییەكی زانستی هەیە مرۆڤ دەیانبینێت و بە بێگومانی هەستیان
پێدەكات، وەك: راستیی بوونی گەلەستێرەكان و ڕاستیی ئەوەی كە زەوی شێوەی گۆی هەیە و ڕاستیی بوونی خۆر و مانگ. خۆ ئەمانەش هەموو مرۆڤێك دەتوانێت بیانبینێت، بەڵام سةبارةت بة تیۆرییه‌كانی كۆتایی گەردوون و تەمەنی گەردوون، زانایان نەیانتوانیوە جەختی لـێبكەنەوە.

هه‌روه‌ها هیچ گومان لەوەشدا نییە، كە گەلەستێرەكان لەم گەردوونەدا بە سیستەمێكی توندوتۆڵ و بنیاتنانێكی چەشنی چنینی تۆڕ دانراون. كە ئەمەش هەموو زانایان دانی پێدادەنێن و كەس نكوولیی لـێناكات. لەوانەیە توێژینەوەكانی ئایندە ڕوونكردنەوەی زیاتر سەبارەت بەم تۆڕە گەردوونییە بە دەستەوەبدەن، بەڵام هەرگیز ناگونجێت‌ ئەوە دەربكەوێت، كە گەردوون بە هەڕەمەكی دابەشبووە و هیچ سیستەمێك نییە ڕێكیبخات، چونكە ئەنجامەكەی داڕمانی گەردوون دەبێت.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ی "ڕاستی"یە زانستییەكە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا یەكاویەك دەرچوو، ئەوا هەرگیز ناگونجێت‌ زانایان لە داهاتوودا شتێكی پێچەوانەی ئەم دەقە پیرۆزە بدۆزنەوە. بەڵام دەگونجێت‌ شتی نوێ‌ لەم تۆڕەدا بدۆزنەوە، وەك ئەوەی كە وێنەیەكی باشتریان لـێ‌دەست بكەوێت، یان بە شێوەیەكی تێر و تەسەلتر و ڕوونتر بیبینن.

كەواتە هەروەك دەبینین و دەزانین زەوی شێوەی گۆی هەیە, بە هەمان جۆر زانایان بە چاوی خۆیان دەبینن، كە چەندین تاڵە گەلەستێرە بە وێنەی تۆڕێك لە ناوەندی سیستەمێكی توندوتۆڵدا پێكەوە پەیوەستن و ت ئەم دیمەنەش وەهمێك بێت دوور لە ڕاستی.

زانایانی ئەمڕۆ چەند "ڕێگا" و "پرد"ێك دەبینن، كە ئەم تاڵانە بە توندوتۆڵی و قایمی پێكەوە گرێدەدەن. یەكێك لەو زانایانە دكتۆر "بول میلەر"ە كە جەختدەكاتەوە لەسەر بوونی چەند ڕێگایەك ئەستێرەكانی لەسەر دەڕۆن و بەیەكدەگەنەوە تاكو گەلەستێرەكان پێكبهێنن. هەروەك لە: چەند تاڵێك (Filaments) و چەند گرێیەك (Nodes) و تۆڕ (web)( 23) دەدوێت. جا ئایا وشەی (الحُبُك) هەموو ئەم واتایانە لەخۆ ناگرێت؟

ئەم زانایە (بول میلەر)( 24) كە یەكێكە لە گەورە زانایانی گەردوونناسی بە جەختكردن لەسەر بینینی ئەو تۆڕە دەڵێت:

"We have little doubt that for the first time, we are here seeing a small cosmic filament in the early universe".

واتە: "ئێمە گومانمان لەوەدا نییە، كە بۆ یەكەم جار تاڵێكی بچووكی گەردوونی دەبینین لە گەردووونی سەرەتادا".

سەرنجبدە كە چۆن وشەی: (دەبینین) بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی دەریببڕێت كە بە ڕاستی تاڵەكانی تۆڕی گەردوون دەبینن. جەخت لەوەش دەكات، كە بۆ یەكەم جارە مرۆڤ تاڵەكانی ئەم تۆڕە ده‌بینێت.

پوختەی ئه‌و زانیاریانه‌ی پێشوو:

هەر لە سەرتای نازڵبوونی قورئانەوە تا ئێستا بە درێژایی ڕۆژگار چەندین تەفسیر و لێكدانەوە بۆ ئەم ئایەتە كراوە و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ناسازییەك لە تێگەیشتنیدا پەیدانەبووە. دەبینین لە تەفسیریدا وتراوە كە ئاسمان: بەدیهاتنێكی جوانی هەیە.. بینایەكی توندوتوۆڵە.. چەند ڕێگایەكی تێدایە.. گەلـێك‌ ئەستێرەی هەن دەیڕازێننەوە.. تانوپۆیەكی هەیە كە بە تۆكمە و قایمی چنراوە. هەموو ئەم تەفسیرانەش ڕاست و دروستن.  یەكێك لە مەزنییەكانی ئەم وشەیەی قورئان لەوەدایە كە سەرجەمی ئەم واتایانەی لەخۆدا كۆكردووەتەوە. كاتێكيش‌ زانستی نوێ‌ هاتە كایەوە و پەردەی لەسەر گەلـێك‌ نهێنیی گەردون لادا،  دەركەوت كە هەموو ئەم واتایانە ڕاستن و دۆزینەوە و ڕاستییە زانستییەكان لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا كە سەرانسەر ڕاستییە، یەكاویەكن.

پوختەی ئەو دەرەنجامانەی، كە زانایانی گەردوونناسی پێی گەیشتن بریتیيە لەوەی: گەردوون پڕە لە ماددەیەكی تاریك.. چەند تالێكی یەكجار باریكیش ئەم تاریكاییە دەبڕن و لە چەند شوێنێك و لە شێوەی چەند گرێیەكدا بە یەكدەگەنەوە.. شێوەی ئەو تاڵانەش وەكو تانوپۆی چنین وایە.. زۆر بە وردی و تۆكمەییش ئەم تاڵانە چنراون و پێكەوە گرێدراون.

ئەو دیمەنەی كە ئێستا زانایان دەیبینن، هەمان شتە كە قورئانی پیرۆز بەوپەڕی وردی و بە چەند وشەیەكی كەم پێش چواردە سەدە لێیدواوە و وەسفی كردووە.

ئەنجامەكانی ئەم توێژینه‌وه‌یه‌ و ڕووی ئیعجاز:

1 - لایەنێكی جوانی و مەزنیی ئیعجازی ئەم ئایەتە لەوەدایە، كە وێڕای ئەو واتایانەی بە درێژایی ڕۆژگارەكان لێی وەرگیراون، كەچی هیچ گرفتێك لە تێگەیشتنیدا نابینرێت. لە ناوەندی تەفسیری ئایەتەكەوە ئەوە بە دەستدێت، كە دەقی قورئان واتاكانی ڕوون و ئاشكران, ئەوەتا هەر لە دێر زەمانەوە خەڵكی لەم ئایەتە وا تێگەیشتوون كە ئاسمان چنینێكی توندوتۆڵی هەیە وبێ‌ ئەوەی تانوپۆی ئەو چنینەش ببینن باوەڕیان پێی بووە. خەڵكانی هەر سەردەم و ڕۆژگارێك بە ئەندازەی زانیارییەكانی سەردەمی خۆیان لێی تێگەشتوون و ئێمەش بە ئەندازەی زانیارییەكانی سەردەمی خۆمان لێی تێدەگەین. لەوانەیە سبەینێ‌ زانست وردەكاریی نوێتر لەم تۆڕە گەردوونییەدا بدۆزێتەوە و خەڵكی ئەو كاتە بە شێوەیەكی فراوانتر لەم ئایەتە بگەن. كە ئەمەش جۆرێكە لە جۆرەكانی ئیعجازی قورئان. كە بریتییە لەوەی: (قورئان گوفتاری خوای گەورەیە ئاراستەی هەموو توێژەكانی گشت كات و شوێنێكی كردووە)!

هەروەك ئەم ئیعجازە ڕوونكردنەوەیەكی تر بەو وەسفەی قورئان دەبەخشێت، كە خوای گەورە لەبارەیەوە فەرموویەتی: (وَلَوْ كَانَ مِنْ عِندِ غَيْرِ اللهِ لَوَجَدُواْ فِيهِ اخْتِلاَفًا كَثِيرًا) (النسا‌ء:82)

2 - وەك لەم باسەوە بۆماندەركەوت، مێژووی بەرەو پێشچوونی زانیارییەكانی مرۆڤ سەبارەت بە گەردوون و جەختكردنی زانایان، كە بۆ یەكەم جارە بەم تۆڕە گەردوونییە ئاشنا دەبن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە كاتی نازڵبوونی قورئان چەمكی تۆڕ و چنینی توندوتۆڵی گەردوون كەس نەیزانیوە. كەواتە تاكە لێكدانەوەی ڕاست و دروست بۆ لێدوانی قورئان لەو چنینە توندوتۆڵە لەو سەردەمەدا ئەوەیە، كە تەنها و تەنها بەدیهێنەری گەردوون خاوەن گوفتاری قورئانە، نەك كەسی تر. خۆیشی دەفەرموێت‌:

[قُلْ أَنزَلَهُ الَّذِي يَعْلَمُ السِّرَّ فِي السَّمَوَات وَالأَرْضِ إِنَّهُ كَانَ غَفُوراً رَّحِيماً] (الفرقان:6).

3 - ڕوونكردنەوەی ئەم موعجیزەیە هۆكارێكی كارایە بۆ بانگهێشتی ناموسڵمانان – به‌تایبه‌ت زانایانیان – بۆ تێڕامان لە قورئان و دڵنیابوونیان لەوەی، كە هەرگیز ناگونجێت‌ ئەو قورئانەی كە پڕ لە موعجیزەی له‌مجۆره‌یه‌ گوفتاری مرۆڤ بێت. چونكە دەبێت‌ ئەم پرسیارە لە خۆیان بكەن كە: ئایا لەو سەردەمە دێرینەدا كێ‌ دەیزانی گەردوون پێكهاتەیەكی توندوتۆڵی چەشنی تۆڕی هەیە. خۆ ئەگەر تەنها تۆسقاڵێك دادگەری و ویژدان بەكاربێنن ئەوا وەڵامەكەیان بە ڕوونی لەم ئایەتە پیرۆزەدا دەبیننەوە، كە دەفەرموێت‌:

[ لكِنِ اللّهُ يَشْهَدُ بِمَا أَنزَلَ إِلَيْكَ أَنزَلَهُ بِعِلْمِهِ وَالْمَلآئِكَةُ يَشْهَدُونَ وَكَفَى بِاللّهِ شَهِيداً] (النسا‌ء: 166).

4 - هەروەك لایەنێكی دیی جوانیی ئیعجاز لەم ئایەتەدا وردیی بەكارهێنانی زاراوەكانە و\گەڕانەوەی زانایانە بۆ زاراوەكانی قورئان – بە خۆیان بزانن یان نەزانن – تاكو وەسف و لێكدانەوەكانیان بۆ دیاردە گەردوونییەكان ورد و پڕاوپڕی مەبەست بێت! كەچی قورئان هەر لەگەڵ نازڵبوونیدا وردترین و گونجاوترین زاراوەی پێویستی بۆ داناون..

ئەمەش ڕوونیدەكاتەوە، كە هەروەك هەڵوێستی قورئان سەبارەت بە كتێبەكانی پێش خۆی لەوەدا دەردەكەوێت‌ كە: هەڵەكانیان بۆ ڕاستدەكاتەوە و پشتی ڕاستییەكانیان دەگرێت و زاڵە بەسەریاندا، وەك خۆی دەفەرموێت‌: [وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقاً لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِناً عَلَيْهِ] (المائدة:48) هەمان هەڵوێستیشی بەرامبەر زانستەكانی سەردەم هەیە؛ پشتی ڕاستییەكانیان دەگرێت و هەڵەكانیان بۆ ڕاست دەكاتەوە و پێشڕەویانە و بەسەریاندا زاڵە! 

5 – ئەو كەسەی سەرنج لە ئایەتی پیرۆزی [وَالسَّماءِ ذاتِ الْحُبُك] دەدات و پاشان بیر لەم وێنەیە دەكاتەوە، كە كۆمپیوتەر بۆ گەردوونی كێشاوە و بە ڕوونی ئەو تۆڕە توندوتۆڵە دەردەخات، یەكاویەك بوونی دەقەكەی قورئان لەگەڵ ئەوەی كە زانست دۆزیویەتەوە بە جوانی دەبینێت‌. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خاوەنی ئەم ئایەتە خاوەنی هەمان تانوپۆیە كە به‌دیهێناوه‌و فەرموویەتی: [صُنْعَ اللَّهِ الَّذِي أَتْقَنَ كُلَّ شَيْءٍ إِنَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَفْعَلُونَ] (النمل: 88).

---------------------

نووسينى: عبد الدائم الكحيل

www.kaheel7.com/ur

 

سەرچاوەكان:

یەكەم: سەرچاوەكانی نووسەر:

نووسەری ئەم باسە، جگە لە پەراوێزەكان، بیست و دوو سەرچاوەشی به‌كارهێناوە، كە باسەكەی لـێوەرگرتوون. لێرەدا بۆ نموونە ناوی یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی دەنووسین. ئەگەر خوێنەری بەڕێز پێی خۆش بێت دەتوانێت لە نووسینە عەرەبییەكەدا لیستی سەرچاوەكان بخوێنیتەوە. ئەو سەرچاوەیەش ئەمەی خوارەوەیە:

Volker Springel, Professor Carlos Frenk, Professor Simon White, Millennium Simulation – the largest ever model of the Universe, University of Durham, 2005.

دووهەم: سەرچاوەكانی وەرگێڕ:

* ئەم وەرگێڕانە یەكێكە لە باسەكانی دوا كۆنگرەی جیهانیی ئیعجازی زانستی، لە لایەن ئەندازیار (عبدالدائم الكحیل)ەوە پێشكەش كراوە و، لەم سایت و لینكەدا بڵاو كراوەتەوە:

(www.nooran.org/con8/Research/385.pdf).

* هەندێك‌ شوێنی دووپاتكراوەم لـێ‌ بواردووە و لە هەندێك‌ شوێنی تردا – كە چەند جێگایەكی كەمن – زانیاری و چەمكی گونجاوترم داناوە، كە هەندێكیان لە دكتۆر(مەریوان ئەحمەد ڕەشید) پسپۆڕی ئەم بوارەم وەرگرتن و هەندێكی تریان پوختە و ئەنجامی بەدواداگەڕان و خوێندنەوەكانی خۆمن لەم بابەتەدا، كە لە چەند سایتێكی تۆِڕی ئینتەرنێت بڵاوكراونەتەوە.

* هەندێك‌ پەراوێزی پێویستم بۆ‌ زیاد كردووە.

پەراوێزەكان:

( 1) (الذاریات:7) واتە: (بەو ئاسمانەی كە ڕێ‌ ڕێ‌ بە توندوتۆڵی چنراوە).

( 2) تەفسیری قورتوبی، بەرگی نۆهەم. سوورەی (والذاریات). بڵاوكراوەی (دار ابن خلدون) 1996.

( 3) تەفسیری ئیبن كەسیر، لاپەڕە (1505) سوورەی (والذاریات). بڵاوكراوەی (دار المعرفة- بیروت 2004.

( 4) تەفسیری (كەششاف)ی زومەخشەری، بەرگی چوارەم، بڵاوكراوەی (دار الكتب العلمیة) ط3، بیروت 2003.

( 5) فەرهەنگی (لسان العرب)ی ئیبن مەنظور. بەرگی چوارەم ل 19 پیتی (ح). بڵاوكراوەی (دار صادر) ط1

( 6) فەرهەنگی (القاموس المحیط)ی فەیروزابادی. ل 259. بڵاوكراوەی (دار المعرفة) 2005.

( 7) فەرهەنگی (المعجم الوسیط) . ل 153. بڵاوكراوەی (دار الدعوة) ئەستەمبووڵ 1989.

( 8) فەیلەسووفێكی یۆنانی و قوتابیی "ئەفلاتون"ە. لە نێوان ساڵەكانی  (384-322) پیش زاییندا ژیاوە: جگە لە بواری مێژووی فەلسەفە، لە مەنتیق و میتافیزیكدا جێ‌ دەست و ناوی دیارە. بایەخی بە سەرجەم زانستەكان داوە و، هەموویانی لە ژێر چەتری فەلسەفەدا كۆ كردووەتەوە. (وەرگێڕ)

( 9) ناوی (نیكۆڵاس كۆپەرنیكۆس)ە و، خەڵكی بۆلۆنیایە و، لە نیوان ساڵەكانی (1473-1543)ژیاوە. زانایەكی بواری گەردوونزانییە و پێی وابووە خۆر نەجووڵە و هەسارەكان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە، زەویش جگە لەوەی كە وەك هەسارەكانی تر لە ساڵێكدا یەك جار بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، لە شەو و ڕۆژێكیشدا یەك جار بە دەوری تەوەرەی خۆیدا دەخولێتەوە. هەروەك لە گۆڕانی ئاراستەی جەمسەری خولانەوەی زەوی و دروست بوونی وەرزەكانیش دواوە. بیردۆزەكەی كاریگەرییەكی گرنگ و یەك لە دوای یەكی بەجێ‌ هێشتووە لەسەر زانایانی دوای خۆی، وەك: گالیلۆ و دیسكارت و نیوتن. (وەرگێڕ)

( 10) ئەلبێرت ئەنیشتاین: فیزیازانێكی ئیمانداری ئەڵمانی و دواتر ئەمریكییە و، لە نێوان ساڵەكانی (1879-1955)زدا ژیاوە. پەرەی بە تیۆری تایبەتی و گشتیی نیسبی داوە. ساڵی (1921)ز خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیادا وەرگرتووە. (وەرگێڕ)

( 11) Michael Rowan-Robinson, Cosmology, Oxford University Press, 1996

( 12) David Wands, A brief history of cosmology, www-history.mcs.st-andrews.ac.uk, March 1997

 (13 )Our own Galaxy - the Milky Way, University of Cambridge,www.cam.ac.uk.

 (14 )BBC News Online, Supercomputer to simulate bomb tests, news.bbc.co.uk, 30 June, 2000.

 (15 )Carlos Frenk, Ogden professor of fundamental physics at the University of Durham, UK, and co-author on the Nature report.

 (16 )Tim Radford, A duplicate universe, trapped in a computer, www.guardian.co.uk, June 2,

2005.

 (17 )Biggest ever cosmos simulation, news.bbc.co.uk, 1 June, 2005.

 (18 )Heather Hasan, How Mathematical Models, Computer Simulations and Exploration Can BeUsed To Study The Universe,p134, The Rosen Publishing Group, 2005.

( 19) Manolis Plionis, Spiros Cotsakis, Modern Theoretical and Observational Cosmology, Springer, 2002.

 (20 )J. Richard Bond*, Lev Kofman & Dmitry Pogosyan, How filaments of galaxies are woven

into the cosmic web, Nature 380, 603 - 606 ,18 April 1996.

( 21)Gemini, Subaru & Keck, Discover large-scale funneling of matter onto a massive distant galaxy cluster, www.gemini.edu, 30 June 2004.

( 22) Maggie McKee, Washington DC, Mini-galaxies may reveal dark matter stream, New Scientist, 12 January 2006

( 23) Palle Mّller, Johan Fynbo, Bjarne Thomsen, A Glimpse of the Very Early Universal Web,

European Southern Observatory (www.eso.org), 18 May 2001.

( 24) زانایەكی بواری گەردوونناسییە لە پەیمانگای فیزیای گەردوونی لە ئەڵمانیا. بۆ زانیاریی زیاتر و فراوانتر با سەیری ئەو بابەتە بكرێت كە ساڵی 2001 ئەم زانایە و هاوڕێیانی: (جۆن فیبۆ، لە هەمان ڕوانینگە) و (بارون تۆمسۆن، لە پەیمانگای فیزیا و گەردوونناسی – دانیمارك) بڵاویان كردووەتەوە، لەم سایت و لینكەی خوارەوە:

http://www.eso.org/outreach/press-rel/pr-2001/pr-11-01.html

 

نهێنییه‌كانى ئیعجازى زانستى له‌ قورئان و سوننه‌تدا

پێگه‌ى عبدالدائم الكحیل

هه‌موو وتاره‌كان بێبه‌رامبه‌رن