ئیعجازی قسەكردن لە مرۆڤدا

الأحد, 02 يناير 2011 10:32 المدير
طباعة
 
قسەكردن ئەو موعجیزە سەرسوڕهێنەرەیە، كە تا ئێستا زاناكان لە ئاستیدا سەرسامن، لێكدانەوەیەكی....

قسەكردن ئەو موعجیزە سەرسوڕهێنەرەیە، كە تا ئێستا زاناكان لە ئاستیدا سەرسامن، لێكدانەوەیەكی زانستییانەیان بۆ ئەو دیاردە سەرسوڕهێنەرە نه‌دۆزیوه‌تەوه‌، بەڵام قورئانی پیرۆز ئاماژەی بۆ ئەو موعجیزە سەرسوڕهێنەرە كردووە، با لەم بەڵگەو نیشانە گەورەیە ڕابمێنین...

زاناكان دەڵێن: مرۆڤ تەنها بوونەوەرە پێكهاتەو داڕشتەی بە جۆرێك داڕێژراوە بتوانێت قسە بكات، مرۆڤ بە پرۆگرام‌و هۆكارو ئامێری زیندوو سازكراوە، بە هۆیەوە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی قسە بكات، لەبەرئەوە ئەم كردارە مل كەچ ناكات بۆ تيورى پەرەسەندنى گوماناویی، ئەگەر قسەكردن‌و فێربوونی زمان، لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە بێت، هەندێك لە گیانداران توانای قسەكردنیان دەبوو، وەكو مەیموون!

زانایان پرسیار گەلێكی زۆر ئاڕاسته‌ ده‌که‌ن، بۆ نموونه‌: بۆچی تەنها مرۆڤ دەتوانێت قسە بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە قورئانی پیرۆزدا دەبینین: كاتێك باسی ئەو ڕێزە دەكات كە خوای گەورە لە مرۆڤی ناوە:

(وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آَدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا) الإسراء: ٧٠

واتە: [سوێند بە خوا ئێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە، (زانیاری، ژیری، قەدو باڵای ڕێک‌و جوانمان پێبەخشیوە) لە وشكانی‌و دەریادا (بە جۆرەها هۆكاری گواستنەوە) هەڵمان گرتوون، لە ڕزق‌و ڕۆزی پوخت‌و چاكی جۆراو جۆر بەهرەوەرمان كردوون، (لە خۆراك‌و پۆشاك‌و ماڵ‌و ناوماڵ و.. هتد) بەڕاستی ئێمە ڕێزی زیادەی ئەوانمان داوە بە سەر زۆربەی ئەو بەدیهێنراوانەدا كە دروستمان كردوون، (لە هەموو ڕوویەكەوە تا قەدرو ڕێزی خۆیان بزانن)].

زاناكان بە درێژایی سەد ساڵ هەوڵیاندا مەیموونی (شەمبانزی) فێری هەندێك لە پیتەكان بكەن، بەڵام هەوڵەكانیان بە تەواوی شكستی هێنا، هه‌رچه‌نده‌ مۆخی ئەم گیاندارە گەورەیە، قەبارەكەشی گونجاوەو زۆرباشە بۆ فێربوون، لەگەڵ ئەوەشدا مەیموون توانای قسەكردنی نییە، ته‌نانه‌ت ناتوانێت لاسایی قسەكردنیش بكاتەوە.

لە ئاژەڵەكاندا ئامێری دەنگ هەیە، مرۆڤ قوڕقوڕاگەی هەیە، ئاژەڵەكانیش قوڕقوڕاگەیان هەیە، بۆ وێنە، سەگ،  قوڕقوڕاگەی سەگ بە هەمان شێوازو ئالیەتی قوڕقوڕاگەی مرۆڤ كاردەكات، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بە كردارێكی خۆنەویستانە بە ئاسانی قسەبكات، لەو نێوەندەدا تەواوی گیانداران دەستەوسانن و ناتوانن ئەو كارە ئەنجامبدەن. واتە ناتوانن قسە بكەن.

تاقیكردنەوەكانی پڕۆفیسۆر (ولیام فایفر)، دەریانخستووە منداڵی تازە لە دایكبوو، مۆخی چالاكدەبێت لەو كاتەی گوێی لە دەنگی دایكی دەبێت! ئەم پڕۆفیسۆرە هەستا بە تاقیكردنەوەیەك لەسەر ئەو منداڵانەی تەمەنیان تەنها چەند ڕۆژێكە، لەو تاقیكردنەوەیەدا هەستا بە چاودێری مۆخی منداڵ‌و چالاكیی ئەو چالاكییە كارەباییەی لە  مۆخدا ڕوودەدات، لە ئەنجامی كارلێكی لەگەڵ دەنگەكاندا، هەروەها هەستا بە گوێگرتن لە دەنگی كۆمەڵە كەسانێكی نامۆ، دەركەوت كە مۆخی منداڵ هیچ وەڵامدانەوەیەكی بۆ ئەو دەنگانە نییە.

بەڵام هەمان منداڵ تەنها بە بیستی دەنگی دایكی (بەبێ ئەوەی بیبێنێت)، بە شێوەیەكی بەرچاوو مێشكی چالاك بوو، كارلێكی لەگەڵ دەنگەكەدا كرد، پاكو بێگەردیی بۆ خودا! شوێنەواری ئەم ئەزموون‌و تاقیكردنەوانە زانایانی هەژاند، دەبێت ڕاستیی ئەم كارە چی بێت؟

لە كاتی سكپڕیی دایكدا، كۆرپەلە لاسایی دەنگی دایكی دەكاتەوە :

لە سەرەتای ساڵی 2010 توێژەرەوانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، كۆرپەلە لەو كاتەی لە منداڵدانی دایكیدایە دەست بە فێربوونی دەنگی دایك‌و باوكی دەكات، دوای لێكۆڵینەوەیەك كە 60 منداڵی تازە لە دایكبووی گرتەوە، زانكۆی (ورز بورج)ی ئەڵمانی، پێی هەستا، لە گۆڤاری (علم البیولوجیا المعاصر) بڵاوكرایەوە، ڕوونیكردەوە منداڵی ساوا هەوڵدەدات لە ڕێگای لاساییكردنەوەى دایكیه‌وه‌ پەیوەندییەك لەگەڵ دایكیدا ببەستێت.

لێكۆڵینەوە نوێیەكە ئاماژە بەوە دەكات، دەنگەكان كاردەكەنە سەر كۆرپەلەو یەكەم زمانن دیواری منداڵدان دەبڕن، (كاثلین فرمیكە) لێكۆڵەرەوەیەكی ئافرەتە، دەڵێت: ئەوەی لێكۆڵینەوە نوێیەكان پێی گەیشتوون، نەسەلماوە كۆرپەلە لە توانایدا هەبێت دەنگ دەربكات بە شێوەی جیاواز، بەڵام ئەوەی سەلماوە چەند دەنگێك دەردەچێت هاووێنەی ئەو دەنگانەیە كە منداڵ لەو كاتەدا بیستوویەتی كە لە سكی دایكیدا بووە!

هەروەها ئەوەی زانراوە ئەوەیە كە كۆرپەلە لە توانایدایە لەسەر بیرهاتنەوەی ئەو دەنگانەی كە بیستوویەتی لە سێ مانگی كۆتایی قۆناغی سكپڕیدا، هەروەها بە شێوەیەكی كاریگەر ئاوازی مۆسیقاو دەنگی مرۆڤ لەو تەمەنەدا بە شێوەیەكی تایبەت كاردەكاتە سەر كۆرپەلە.

ئێمەش دەڵێین: دەنگی قورئان باشترین دەنگە، دەگونجێت كۆرپەلە بیبیستێت، ئامۆژگاری هەموو دایكێك دەكەین، هەموو ڕۆژێك كەمێك بە دەنگی بەرز قورئان بخوێنێت، بە تایبەت لە مانگەكانی كۆتایی سكپڕیدا.

لێكۆڵینەوەیەكی نوێ (بە پێچەوانەی لێكدانەوە چەقبەستووەكان)، جەختدەكاتەوە قۆناغی بوونی كۆرپەلە لە منداڵدانداو ئەوەی پەیوەستە بە پەرەپێدانی زمانەوە، منداڵە ساواكان هەوڵدەدەن لاسایی دایكیان بكەنەوە بۆ مەبەستی گرنگیدان‌و بە هێزبوونی پەیوەندییان پێیانەوە، لەڕێگای لاساییكردنەوەی ئاوازی دەنگیان، لەبەرئەوەی منداڵەساواكان جگە لەوە خاوەنی هۆكارێكی دیكە نین، ئەمەش بە لێكدانەوەی لاساییكردنەوەی ئاوازی دەنگی دایكیان دادەنرێت، لە سەرەتای قۆناغی تەمەنیان.

پرۆفیسۆر (نوام چۆمسكی) زانای زمانەوانی بە ناوبانگ جەختدەكاتەوە كە منداڵ بەرنامەڕێژ كراوە بۆ ئەوەی فێری زمان ببێت‌و قسەی پێبكات، لەو كاتەی دڵۆپە ئاوێك بووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌کراوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لە زیرەكییەكی سروشتی بەهرە وەردەگرێت.

گریان یەكەم زمانە منداڵ فێری دەبێت، بۆ دەربڕینی پێداویستییەكانی، زانایان دەڵێن: منداڵ لە ماوەی پێنج ساڵی یەكەمی تەمەنیدا 5000 وشە فێر دەبێت، منداڵ خاوەنی توانایەكی سروشتییە، لەسەر ڕێكخستنی وشەكان هەڕەمەكییه‌كان، پاكوبێگەردی بۆ ئەو دروستكارە گەورەیەی بەم شێوەیە ڕێزی لە مرۆڤ گرتووەو ئەو توانایانەی پێ بەخشیوە، بەڵام زۆر بەداخەوە كاتێك گەورە دەبێت وشەكان بە كاردەهێنێت بۆ دژایەتیكردنی دروستكارەكەی‌و تێكدانی زەوی‌و نكوڵی خودای بە دەسەڵات‌و كاربەجێ‌و زانا دەكات! هەروەكو دەفەرمووێت:

(يَا أَيُّهَا الْإِنْسَانُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ الْكَرِيمِ * الَّذِي خَلَقَكَ فَسَوَّاكَ فَعَدَلَكَ * فِي أَيِّ صُورَةٍ مَا شَاءَ رَكَّبَكَ) الانفطار: ٦ – ٨

واتە: [ئەی ئادەمیزاد!! تۆ چی وای لێكردویت سەركەش بیت بەرامبەر پەروەردگاری میهرەبان‌و بەڕێزت؟! چی وای لێكردویت وەكو پێویست قەدری نەزانیت؟ (نا فەرمان‌و یاخی بیت؟)- ئەو پەروەردگارەی تۆی دروستكردووە، بە ڕێكوپێكترین شێوە، بە جوانترین شێواز، (هەموو ئەندامەكان لە شوێنی تایبەتی خۆیان دانراون، تا بتوانن كارو فەرمانی خۆیان بە چالاكی ئەنجامبدەن‌و ئەو ئەندامانەش كە جووتن قەبارەو درێژی‌و شێوەیان چوونیەكە، جگە لەوەی كە یارمەتی و تەباییەكی تەواو هەیە لە نێوانیانداو هەمووان هاوكارن) – لە هەر شێوەو شێوازێكدا ویستوویەتی تۆی ڕێكخستووەو ئەندامەكانتی بە یەكەوە لكاندووە].

تاقیكردنەوە لەسەر باڵندەكان:

زانایان هەستان بە تاقیكردنەوەیەكی چڕوپڕ كە بریتیبوو لە دابڕینی باڵندەیەكی خۆشخوێن‌و جیاكردنەوەی لە دایك‌و باوكی، ئەم باڵندەیه‌یان خستە ژوورێكەوە تا بە تەواوی لە دایك‌و باوكی داببڕن، سەرەنجام دەركەوت باڵندەكە فێری خوێندن نەبوو، بەڵكو فێری دەنگێكی ناساز بوو، كە لە قیڕه‌قیڕی قەلەباچكە دەچوو، بەڵام ئەم تاقیكردنەوەیە كۆتا تاقیكردنەوە نەبوو، بەڵكو بەردەوامبوو، زاناكان ڕێگه‌یاندا هەمان ئەو باڵندەیە له‌گه‌ڵ مێیه‌كدا كرده‌ی زۆربوون ئه‌نجامبدات، پاشان هێلكه‌كانیان برد بۆ ئه‌و شوێنه‌ی باوكه‌كه‌ی لێبوو، تا له‌وێ بتروكێن، سەرەنجام باڵندە تازەكان دەنگی باوكیان فێربوون، كە لە قیڕقیڕ دەچوو، كەمێكیش لە دەنگی باوكیان دەچوو، بەڵام زاناكان باڵندە تازەكانیان وەرگرت‌و هێشتیان تا دووجار كرده‌ی زۆربوون ئه‌نجامبده‌ن، واتە دوو وەچەیان لێكەوتەوە، لە ناكاو شتێكی چاوەڕواننەكراو ڕوویدا، نەوەی چوارەمیان فێری خوێندن بوو!

ئایا ئەم كردارە چۆن لێكدەدرێتەوە؟ لێكدانەوەی زانستی ئەوەیە: غه‌ریزه‌ی خوێندن لە نێو باڵندەكاندا بوونی هەیەو لەگەڵیدا دروستبووە، دەگونجێت بە شێوەیەكی كاتی پەكی بكەوێت، بەڵام بە خێرایی ئەو چالاكییەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی تیوری پەرەسه‌ندنه‌وه‌یه‌.

بنچینەی زمان لە جینه‌كاندایه‌:

دوای لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕ، زانایان ڕوونیانكردەوە لە ڕێگای ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر مرۆڤ ئەنجامیانداوە، لەسەر ئەو كەسانەی بەهۆی ڕووداوێكەوە توانای قسەكردنیان پەكیكەوتووە، تاقیكردنەوەیەكی تر لەسەر ئەو كەسانەی لە قسەكردندا كێشەی بۆ ماوەییان هەیە، دەركەوت زمان شتێكی شاراوەیە لە شریتێكی بۆ ماوەییدا، بە ناوی DNA دیاریكراوە لە (بۆهێڵ)دا پێی دەوترێت 2Foxp ئەم (بۆهێڵ)ە لای زۆربەی زیندەوەران بوونی هەیە، بەڵام لە مرۆڤدا شێوەیەكی جیاوازی هەیە، زاناكان دەڵێن: ئەو شێوە (بۆهێڵ)ە جیاكارەی مرۆڤ هەیه‌تی، لەگەڵ دەركەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی دەركەوتووە.

فێری دەربڕینی كردووە:

خوای گەورە سورەتێكی گەورەی ناردووەتە خوارەوە، تاكە سورەتە بە ناوی یەكێك لە ناوە جوانەكانی خوای گەورەوەیە، ئەویش سورەتی (الرحمن)ه‌، خوای گەورە دەفەرمووێت:

(الرَّحْمَنُ * عَلَّمَ الْقُرْآَنَ * خَلَقَ الْإِنْسَانَ * عَلَّمَهُ الْبَيَانَ) الرحمن ١ – ٤

واتە: [خوای میهرەبان، كانگای سۆزو ڕەحمەت‌و بەزەییە-1- قورئانی فێری ئادەمیزاد كردووە، (فێربوون‌و زانینی قورئان‌و تێگەیشتن لە فەرموودەی خوای میهرەبان پیرۆزترین نازو نیعمەتە كە ئیماندار لێی بەهرەوەر ببێت، لەم تەمەنە كورتەی ژیانی دنیادا)-2- هەر خودا ئادەمیزادی دروستكردووە، (بە جوانترین شێوەو شێواز)-3- هەر ئەویش فێری دەربڕین‌و گوفتارو ئاخاوتنی كردووە، (خوای گەورە زمانی پێبەخشی بۆئەوەی مەبەستەكانی خۆی بە جوانی‌و بە فەرهەنگ‌و كەلتورێك كە خوا پێی بەخشیووە ڕابگەیەنێت)].

ئەم ئایەتە فێرماندەكات چۆن خوای گەورە منەت دەكات  بەسەر مرۆڤدا بە بەهرەی (البیان)، خوای گەورە نەیفەرمووە (علمە الكلام) لەبەرئەوەی فێركردنی مرۆڤ بە زمان، یان بە قسەكردن بەس نییە، بەڵكو پێویستە وشەكان پێكەوە ببەستیتەوەو لە كاتی پێویستدا بیانگێڕیتەوە، واتە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك‌و لە شوێنی خۆیدا بە كاریان بهێنیت.

مرۆڤ مەڵبەندێكی زۆر گرنگی هەیە، بەبێ ئەو مەڵبەندە ناتوانێت خواستەكانی دەرببڕێت، ئەویش مەڵبەندی گەڕانەوەی وشەكانەو دانانیانە لە ناوچەی نێوچەواندا لە پێشە سەردا، لەبەرئەوەیە دەبینین پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) جەختدەكاتەوە لەسەر گرنگی ئەو مەڵبەندە، لە نزاكانیدا ڕاده‌ستی خوای گەورەی دەكات‌و دەفەرمووێت: (ناصیتی بیدک)، واتە (نێوچەوانم بە دەستی تۆیە)، هەر كات ئەو مەڵبەندە لە كاركەوت، مرۆڤ توانای قسەكردنی ونناكات، بەڵكو هەر دەتوانێت قسە بكات، بەڵام ناتوانێت وشەكان پێكەوە گرێبدات، كەواتە توانای دەربڕین‌و ڕوونكردنەوە وندەكات، لەبەرئەوەیە خوای گەورە دەفەرمووێت:
(
عَلَّمَهُ الْبَيَانَ)، پاكوبێگەردی بۆ خوای گەورە!

جیاوازیی زمانتان:

زاناكان تێبینیان كردووە، مرۆڤ خاوەنی توانایەكی سروشتییە بۆ پەرەپێدانی زمان، ئەوان هەستان بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەك، هەوڵیاندا چەند خوێندكارێك فێری زمانێكی نوێ بكەن بە شێوازێكی هەڕەمەكی، واتە به‌  شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ داڕشتنی وشه‌ له‌ پیته‌كان، كه‌ هیچ واتایەك نەدەن‌و پەیوەندییەك نەبێت لە نێوانیاندا، بینیان خوێندكارەكان ناتوانن فێری هەر یەكێك لەو وشانە ببن.

بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك خوێندكارەكان توانیان ئەو وشه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی داڕێراوانه‌ بگۆڕن، توانیان بە شێوەیەك ڕێكیانبخەن بە ئاسانی لەبەر بكرێن، دوای ماوەیەك ئەو وشانە گوێزرانەوە بۆ چەند خوێندكارێكی دیكە (گروپێكی تر)، هەر یەك لەو گروپانە چەند ڕاستكردنەوەیەكیان لەسەر ئەو وشانە كرد، تا وشەكان وایان لێهات بوونە مەنتیقی‌و بە ئاسانی لەبەر كران. ئەم كردارەش بە شێوەیەكی خۆ نەویستانە ئه‌نجامدرا

هەروەها زانایان ئەوەیان دەرخست كە مرۆڤ ڕژێمێكی تایبه‌تى پێبه‌خشراوه، كه‌ توانای پەرەپێدانی زمانى لە نێوان چەند نەوەیەكدا، ئەمەش نهێنی لێكدانەوەی جیاوازیی زمانە، بە شێوەیەك ئەمڕۆ لە جیهاندا زیاتر لە 4000 هه‌زار زمان هەیە.

ئایەتێكی قورئانی پیرۆز ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەكات، هەروەها بە موعجیزەیەك لە موعجیزەكانی خوای گەورەی داناوە، هەروەكو دەفەرمووێت:

(وَمِنْ آَيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ)  الروم 22

واتە: [یەكێكی تر لە نیشانەو بەڵگەكانی دەسەڵاتی خوای گەورە، دروستكردنی ئاسمانەكان‌و زەوییە، (كە زاناكانی ئەستێرەناسی لە ئاستیدا سەرسام‌و سەرگەردانن) هەروەها جیاوازی زمان‌و ڕەنگتانە (دەنگی هیچ كەس لە كەسی تر ناكات، سەرەڕای سەدەها جۆر زمان، كە جۆری قسەكردن‌و داڕشتنی هەر گەلێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، جگە لە هەزاران شێواز كە لەو زمانە سەرەكیانە دەبێتەوە)، بەڕاستی ئا لەو دیاردەیەشدا بەڵگەو نیشانەی زۆر هەیە بۆ زانایان‌و شارەزایان].

هەروەكو چۆن ڕەنگی مرۆڤ لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی دی جیاوازە، هەروەها زمانیش لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی دیكە جیاوازە، بناغەی ئەم گۆڕانكارییەش دەگەڕێتەوە بۆ جینه‌كانی مرۆڤ لە قوڵایی خانەكانیدا، ئەم ئایەتە قورئانییەش نیعمەتەكانی پەروەردگارمان بەسەر مرۆڤەوە بیر دێنێتەوە، ئەم موعجیزانەش پێویستە ببنە هۆكارێك بۆ زانایان تا لە ڕێیانه‌وه‌ خوای گەورە بناسن، لەبەرئەوەیە خوای گەورە دەفەرمووێت:( إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ )، واتە: (بەڕاستی ئا لەو دیاردەیەشدا بەڵگەو نیشانەی زۆر هەیە بۆ زانایان‌و شارەزایان). داواكارین لە خوای گەورە كە بمانكاتە یەكێك لە بەندە زاناكان، ئەوانەی لە بارەیانەوە دەفەرمووێت:

(إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ غَفُورٌ)  الفاطر 28

 واتە: [بەڕاستی لە نێو بەندەكانی خوادا هەر زاناكانن لە خوا دەترسن، (لە سەردەمی عیلم‌و زانستدا ئەم ڕاستییە ڕوونە، چونكە زانا‌و پسپۆڕان كاتێك وردەكاری بەدیهێنراوان پەی پێدەبەن، زۆر هەست بە گەورەیی‌و دەسەڵاتی خوا دەكەن)، بەڕاستی ئەو خوایە زۆر باڵادەستەو زۆریش لێخۆشبووە، (كاتێك ڕووی تێدەكەن‌و باوەڕی پێدەهێنن)].

----------------

نووسينى/  عبد الدائم الكحیل

www.kaheel7.com/ar

 

سه‌رچاوه‌كان:

 www.bbc.co.uk

 Cambridge University